ئەمریکا بە جیدی هەڕەشەی لە پارتی و یەکێتی کردووە

چندین ساڵە ئەمریکا بە هاوکاری وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا پرۆژەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانیی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە شکستی بەو پرۆژەیە هێناوە.

ئەگەرچی پرۆژەکە بە ناوی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەیە بەڵام ئامانجەکەی نەهێشتنی دیاردەی هێزی حیزبییە کە کوردستانی سەردەمێک بە شەڕی ناوخۆ گەیاند.

پارتی و یەکێتی بە هۆی ئەو عەقڵییەتەوە کە سەرکردایەتییان دەکات، ئامادە نین هێزەکانیان لە دەستدا نەمێنێت و ئەو هێزانە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. هەرچەندە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە تەنانەت لە پاش یەکخستنەوەی هێزەکان و سەرخستنی ئەم پرۆژەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە بچووکترین کێشە و گرفت هاوشێوەی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزە هاوبەشەکە هەڵدەوەشێتەوە.

ئەوەش کە تا ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە دیسانەوە هەمان جیاکاری نێوان پارتی و یەکێتیی تێدایە و لە لیواکاندا هێزەکانی هەر دوو حیزبەکە هاوبەش و تێکەڵ نین.

لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی شاندێکی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بە توندی و جیدی هۆشداری دراوەتە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و گرتنەوەی هاوکارییەکانیش یەکەم قۆناغی ئەو هەڕەشەیە دەبێت.

بە پێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەی ڕۆژانی ڕابردووی بافڵ تاڵەبانی و لێدوانەکانی سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکان و هەروەها لێدوانی لیوا عومەر ساڵح سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگەی ئەو حیزبە سەبارەت بە ئامادەیی 4 لیوای یەکێتی بۆ خستنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجامی ئەو هەڕەشەی ئەمریکییەکان بووە.

بە پێی زانیارییەکان ژنڕاڵ گارنر جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ عەبدولخالەق باپیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، هەمان هەڕەشەی دووبارە کردووەتەوە.