ئەمریکا بۆ بەرپرسانی هەرێم: قسەی بێ کرداری زۆر دەکەن

لە سەردانەکەی شاندی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ هەولێر جارێکی دیکە بە توندی هۆشداری درایە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشدارییەکەش وەک دوایین ئاگادارکردنەوە لە سەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پارتی و یەکێتی بووە.

شاندەکەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ هەر یەک لە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی کۆبوونەوە و ئەمریکییەکان خواستی وڵاتەکەیان بۆ بەردەوامی هاوکاری و هاوپەیمانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایان کرد کە پرۆسەی جاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا دەیەوێت هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

شاندەکەی ئەمریکا ڕەخنەی لە بەرپرسانی هەرێم گرتووە کە بە تەنیا لە سەر پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە قسە دەکەن و ساڵانێکە نەبووەتە کردار و هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری سەرنەخستنی ئەم پرۆسەیە، هاوکارییەکانی واشنتن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام نابێت.