ئەمریکا ئیسرائیلی دەوێت نەک کورد

دەیان ساڵە کورد وانە لە ڕاستییەکان وەرناگرێت و هەندێک سەرکردەی لێنەزان بەردەوام ئەمریکا بە دۆستی کورد و هاوپەیمان ناو دەبەن، بێ ئەوەی کە بزانن ئەمریکا دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیە نەک کورد.

لە هەرێمی کوردستان، پارتی و بارزانییەکان قسەی یەکەم و کۆتاییان ئەوەیە کە ئەمریکا دۆستی کوردە و هاوپەیمانە و ئێمە دەپارێزێت، بەڵام مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە ئەمریکا هیچ کات کوردی نەویستووە و تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کوردی وەک ئامرازێک بەکار هێناوە.

ئەمەش بۆ کوردانی سوریا دووبارە بووەتەوە. هەسەدە و پەیەدە و کوردی سوریا بە گشتی، پشتیان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە و بە ناوی ئازادی و ئیدارەی خۆسەرەوە سەروەت و سامانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان خستووەتە دەستی ئەمریکییەکان و ئەوانیش لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بە ئاشکرا و بە بەردەوامی تاڵانی دەکەن، کەچی لە بەرامبەر هێرش و دەسدرێژییەکانی تورکیا تەنانەت بە بەیاننامەیەک پشتیوانییان لە کوردانی سوریا نەکردووە. ئەگەر ئەمریکا هاوپەیمانی کوردانی سوریایە، بۆ لە بەرامبەر ئەم هەموو تیرۆر و بۆردومان و دوژمنایەتییەی تورکیا هەڵوێستێکی نییە؟

سەیری پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بکەن. لەم شەڕەی غەززە لە ڕووی سیاسی و دارایی و سەربازییەوە هەموو توانایەکی بۆ هاوکاریکردنی تەل ئەبیب بەکار هێناوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمریکاش نەبێت ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە فەڵەستینییەکان بە یەک ڕۆژ ئیسرائیل تەخت دەکەن، وەک چۆن کە لە نیو کاتژمێردا هەزاران مووشەک ئاراستەی شار و ناوچە جیاجیاکانی کرا و حەماس ئەو گورزە کوشندەی وەشاندووە کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.

کورد دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ئەمریکا هیچ کات دۆست و هاوپەیمان و پارێزەری مافەکانی نەبووە و تەنیا وەک دارەدەست و ئامرازێک بۆ بەدیهاتنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی لایەنە کوردییەکانی بە کار هێناوە.

ئایا هەسەدە و مەزڵوم عەبدی و بارزانییەکان دان بەم ڕاستییەدا دەنێن؟ ئایا دەزانن کە ڕۆژێک دەگات ئەمریکا وەک ئەفغانستان ئەوان لە گێژاوی ناوچەکەدا بە جێ دێڵیت؟ تا ئێستاش بە دەیان جار پشتی لە کورد کردووە، بەڵام سەرکردەکانی کورد هێندە خوێندنەوە و دووربینی سیاسییان نییە بزانن دۆخەکە لە ڕاستیدا چۆنە و بەرەو کوێ دەڕوات.