ئەمجارەش کابینەکەی مەسرور بارزانی لە مردن ڕزگار کرا

کابینەکەی سەرۆک وەزیرانە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان بە هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە ژێر فشارێکی زۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و میدیاییدا بوو بەڵام پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی و ئێران جارێکی دیکە لە مردن ڕزگاری کرد.

لە سەردەمی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، واتە لە ساڵی 2019 تا ئێستا، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕ بووە، ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان سنوردار بووە، بە دەیان کەسی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس خراونەتە کونجی بەندیخانەوە، دۆخی ئابوری گەیشتووەتە ئەوپەڕی قەیران، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و کەموکوڕییەکی زۆری پێوە دەبینرێت، ناکۆکییە سیاسییەکان بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، هەرچەندە ئەم دوو حیزبە هەندێک جار نزیکبوونەوەی تەکتیکییان هەیە بەڵام لە بنەڕەتدا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا دەژین و ناوە ناوە بە بەیاننامەکانیان ئەوەی پێویست بێت بە شان و باڵی یەکتردا دەخوێنن.

حکومەتی هەرێم کە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی پێکەوە نەدابوو، لە ژێر فشارێکی زۆری خەڵک بە تایبەت فەرمانبەراندا بوو و مانگرتنەکان بە تەواوی حکومەتی هەرێمی بەرەو ئیفلیجبوون دەبرد. لەم کاتەدا کە هیچ ئاسۆیەک لە بەردەم حکومەتە خۆڕاگرەکەدا نەبوو مەسرور بارزانی بەپەلە پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کرد کە فریای خۆی و حکومەتەکەی بکەوێت.

مەسرور بارزانی داوای لە نێچیرڤان بارزانی کردبوو کە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان ڕازی بکات بە ناردنی مووچەی چەند مانگێک کابینەکەی لە لەناوچوون بپارێزن. مەسرور بارزانی ئەوەندە فشاری لە سەر بووە کە تەنانەت قوباد تاڵەبانیشی ڕازی کردبوو لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بافڵ تاڵەبانی بە ئێران و لایەنە شێعەکانەوە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوازی کاتی چارەسەر بکرێت.

سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران، سەردانەکەی باڵیۆزی ئێران بۆ هەولێر، سەردانە نهێنییەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا و بەڵێنەکانی پارتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی تاران و بەغدا لە ئاکامدا بوونە هۆکاری ڕەزامەندی محەمەد شیاع سودانی و ناردنی مانگانە 700 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم. چارەسەرەکەش کاتییە و ئەوەی کە میدیاکانی مەسرور بارزانی بانگەشەی بۆ دەکەن کە یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، دوورە لە ڕاستی و بەم پەیوەندییانەوە بووە کە مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ئازایەتی مەسرور بارزانییەوە نەبووە و بە پێچەوانەوە ئێران و لایەنەکانی شێعە هێندە مەیلیان بە لای خۆی و حکومەتەکەیدا نییە و لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیمارات و ئیسرائیل دژیشی دەوەستنەوە.