ئەلینا و بێهیواکردنی مەسرور
پارتی و بارزانییەکان بە هێزی بەعس کۆنتڕۆڵی هەولێریان کرد، بە سوپای تورک دەسەڵاتی خۆیان بە سەر هەر دوو پارێزگای دهۆک و هەولێردا سەپاندووە و دەیانەوێت بە هێزی ئەمریکی و بە بیانووی تیرۆر و ناسەقامگیری عێراق درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن.
مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، وتی کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاساییە، وەک چۆن ئەو هێزانە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا بوونیان هەیە. مەبەستی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە وەک شانشینەکانی عەرەبی ناوچەکە، ئەمریکا دەسەڵاتی بارزانییەکانیش بپارێزێت.
بەڵام عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و لایەنە شیعەکان سوورن لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکاش لە عێراق ڕایگەیاندووە کە واشنتون و بەغدا ڕێکەوتوون لە سەر ئەوەی ساڵی داهاتوو کۆتایی بە بوونی سەربازی بێنن.
ئەمە واتە بێهیواکردنی مەسرور بارزانی و ڕاستییەک کە ناتوانێت بە پشت بەستن بە هێزی ئەمریکی خۆی بە سەر هەرێمی کوردستاندا بۆ هەتا هەتایی بسەپێنێتەوە.