ئەقتابی تەخریب لە پارتیدا
شكۆ هەندرێن
بۆیە كاتێك لەدەرەوەی تۆنی باو لێدوانێك دەبیستین نیشانەی دیموكراسیەتی ناوخۆیی و راجیایی نیە وەك بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو هەوڵێكە ئەقتابی تەخریب لە ناو پارتیدا لە هەر نزیكبوونەوە و گفتوگۆیەك بۆ چارەسەریی كێشەكان پەنای بۆ دەبەن، جارێك لەساتەوەختی كۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی نێوان هەردوولا، بە گشتاندنێكی ژێر بەژێر فەوزا لە پەرلەمان دەنێنەوە و جارێكیش لە وەختی كۆبوونەوەی هەردوو حزب حزبەكانی كەركوك كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی یەكڕیزیی نیشتمانیی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان سەرنەگرێت و دواجاریش بۆ كۆبوونەوەكەی دوێنێ، بە لێدوانێكی نابەرپرسانەی لێپرسراوی راگەیاندنەكەیان ریسی كۆبوونەوەكەیان كردەوە خوری، كۆمیدیاكەش لەوەدایە دەڵێن “گوزارشت لە رای خۆی دەكات”، كە نە رێی تێدەچێت لە پارتیدا رای جیاواز هەبووبێ و نە ئەسڵیشی هەیە بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن هەر لە خۆڕا بەناوی خۆیەوە قسە بكات.
ئەم مەشهەدە بێ شایەد نیە، لەوەتەی بیرمان دێت پارتی هەر ئەوەیكردووە و بەردەوامیش بۆ ئەوەی عینادی بەسەر لۆژیكدا سەربكەوێت گروپێكی بەدەسەڵات پەنای بۆ تێكدان و تەخریب بردووە، هەڵبەت لە ئەدەبیاتی سیاسی سەردەمی دوای شەڕی نەگریسی ناوخۆشدا ئەم سیاسەتە لەرێگەی ئیدیۆمی “پارتی ئاشتی ناكات” ببووە تێگەیشتنێكی گشتی، ئەو قۆناغە هەرچی كەناڵی راگەیاندنو كۆڕ و كۆبوونەوەی حزبی هەبوو هەر دەیانووت پارتی ئاشتی ناكات، چونكە یەقینێك لە گۆڕێدابوو كە پارتی بە رێككەوتنی واشنتۆن و دبلن و ئەنقەرەش ملی نەدەدایە ئاشتی و هەر كاتێك نوزەیەك بۆ ئاساییكردنەوە هاتبا پێش، بە ریسكێك تێك و پێكی دەدا، جا مێژوو خۆی دوبارە دەكاتەوە و بە قەوانی كۆن ئەمما بە تەكنیكی تازە هەمان رەفتار دەنوێنێتەوە و لەبەرامبەر هەڕەشەكانی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و پەكخستنی دامەزراوەكان و فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێم، لەبری ئەوەی ئەو ئەقتابی تەخریبە بەرپرسانە رەفتار بكەن و بواری هاوچارەنوسیی تێدا بهێڵنەوە، كەچی بە سەركێشی و گرێی دەروونی پەشۆكاو ئەسپی كەلەڕەقی تاودەدەن و سوێندەكەیان بەجێدەگەیەنن، كە پێشیان نەكرێت، پێیان تێكدەدەرێت، دەی باسی رابردوو ناكەین، بەڵام خۆ چوار ساڵە لە تێكدان بترازێ چیتریان كردووە..