ئەرێ بە ڕاست ئەمە حکومەتە؟!!!

بێدەنگبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر تاوانەکانی تورکیا گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و ئەوپەڕی شەرمەزاری و بێڕێزییە بەرامبەر بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و ڕێخۆشکەری بەردەوامیدانە بە تاوانەکان.

ڕۆژ نییە هەواڵی بۆردومانکردنی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە بڵاو نەکرێتەوە. ڕۆژ نییە درۆنی تورکی هێرش نەکاتە سەر ئۆتۆمبێلێک و چەند کەسێک نەکاتە قوربانی. لە هەرێمی کوردستان خەڵک دڵنیایی ئەوەیان نییە کە لە ماڵ دەچنە دەرەوە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.

کێ لەم دۆخە بەرپرسیارە؟

حکومەتی تورکیا بە هۆی پەیوەندییەکانی لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، هەرێمی کردووەتە شوێنی جێبەجێکردنی پیلانەکانی دژ بە کورد. بە دەیان کیلۆمەتر لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە داگیر کراوە، دەیان بنکەی سەربازی و هەواڵگری فەرمی و نافەرمی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، تا ئێستا بە دەیان گوند بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە چۆڵ کراون، کەرتی ئاژەڵداری و کشتووکاڵ لە ناوچە سنورییەکان لە گەڵ تورکیا لەناوچووە، بە دەیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی بۆردومانەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی.

بەم بارودۆخەوە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەردانی تورکیا دەکەن بە شانازییەوە لە تەنیشت ئەردۆغانی گەورە تیرۆریست دەردەکەون و باس لە پەیوەندییەکانیان دەکەن، پەیوەندییەک کە لە قازانجی خەڵک و هەرێمی کوردستان نییە و بووەتە پەیوەندی بنەماڵە و شەخس لە گەڵ تورکیا.

ئەمە حکومەت نییە!

حکومەتێک کە بەزاندنی سنوری ئاسمانی و وشکانی خۆیی بۆ گرنگ نەبێت، حکومەتێک کە گرنگی بە گیانی هاووڵاتیانی نەدات، حکومەتێک کە بەم هەموو تاوانەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا بەردەوام بێت، حکومەتێک کە نەتوانێت لە بەرامبەر تاوانە بەردەوامەکانی تورکیا بەیاننامەیەک دەربکات، حکومەتێک کە کوردستانی بۆ تورکیا بەرەڵا کردووە، کەی ناوی حکومەتە؟

سەیرە ئەم هەموو تاوان و دەسدرێژییەی تورکیا لە کوردستاندا بێت و ڕۆژانە خەڵک بە نیگەرانییەوە لە داهاتووی خۆیان بڕوانن، بەڵام حکومەتە بنەماڵەییەکەی کوردستان هیچ نەڵێت.

ئەمە حکومەت نییە، هۆزیش نییە، تەنانەت بنەماڵەیەک کەسێک دەسدرێژی بکاتە سەریان کاردانەوەیەکیان دەبێت، بەڵام حکومەتەکەی بارزانییەکان حەیای هەرچی حکومەتی جیهانە بردوویەتی. بێ حەیاییەکە لەوە زیاترە کە دژە تیرۆری پارتی بووەتە وتەبێژی میت و سوپای تورک و لە پاش هەر هێرشێکی درۆنی، کوژرانی سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە بڵاو دەکاتەوە، کەچی بە درۆش دەخرێتەوە و بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە تورکیا ڕووی هێناوەتە بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی کە لە بۆردومانەکەی ڕۆژی هەینی 11 ی ئاب ی سەر ڕێگای پێنجوێن ئاشکرا بوو کە ئەوانەی کوژراون خەڵکی ئاسایی هەرێم بوون نەک چەکداری پەکەکە.