ئەرێ بەڕاست ئێوە موفلیسن یان بەغدا؟!

هەموومان وتە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای پارتی و بارزانییەکانمان لەبیر ماوە کە بەردەوام ڕایاندەگەیاند بەغدا موفلیسە و پارەی نەماوە و دەبێت ئێمە بە ڕاستەوخۆ نەوتەکە بفرۆشین. نەوتەکەشیان فرۆشت و پارەشیان لە بەغدا وەردەگرت و نەک تەنیا موفلیس بوون بەڵکوو دەیان جار لە بەغدا و لای باڵیۆزی وڵاتان سواڵی مووچەیان کرد تا سەرکردە شێعەکان وەک خێر پارەیان بۆ هەرێم تەرخان کرد.

حکومەتە خۆڕاگرەکەی مەسرور بارزانی هەر کات مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بۆ دابەش ناکرێت، لە بری دەست لە کار کێشانەوە و داوای لێبوردن، خەڵک بە شتی پڕوپووچەوە سەرقاڵ دەکات، جارێک خۆپێشاندانی ساختەی هێزە ئەمنییەکانی بە جلی مەدەنییەوە ڕێکدەخات و جارێکیش خەڵکی بەش مەینەت دەخاتە ژێر کاریگەری درووشمی عاتفییەوە دەڵێت کە پارەی بەغدامان ناوێت و حەرامە. جارێکیش لە ڕێگەی میدیای نەوتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە بە پارە و مووچەی بڕاوی خەڵک درووستکراون دەکەوێتە ناشیرینکردنی عێراق و ماکیاژکردن بۆ خۆی و وای نیشان دەدات کە عێراق هەرەسی هێناوە.

ئەگەر عێراق ئەو وڵاتە هەرەسهاوردووە بێ کەڵکەیە، خەیرە لە 8 مانگدا 20 جار شاندی حکومەتی هەرێم لە دەرگای بەغدای پایتەختیان داوە بۆ وەرگرتنی قەرز و خێر و سەدەقە و هێشتا چاویان لە بەغدایە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات.

بە پێی دوایین داتا فەرمییەکان ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق خاوەنی یەدەکی 132 تۆن زێڕی دانراوە و لەم بوارەدا پلەی 30 ی وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان و چوارەمی وڵاتانی عەرەبیی هەیە.

عێراقە موفلیسەکەی لای بارزانییەکان، دانراوی دراوی بیانی بانکەکەی زیاتر لە 85 ملیار دۆلاری ئەمریکییە و بۆ پارێزگاری لە بەهای دینار ڕۆژانە چەند ملیۆنێکی دەخاتە بازاڕەوە و لە پارەی نەوتیش چەندین ملیۆن دۆلار دەخاتە خەزێنەی بانکی ناوەندییەوە.

لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان نەک دانراوی بانکی نییە، تەنانەت پارەی مووچەشی نییە، تەنانەت پارەی سندۆقی خانەنشینی و سندۆقی شێرپەنجەشی خواردووە.

دەسەڵاتدارانی هەرێم حکومەتەکەیان بە نموونەی جوان و پێشکەوتووی عێراق ناو دەبەن تا خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە چاوی لێبکەن، تا ساڵی 2020 قەرزەکانی هێندە زۆر بووە کە ئێستا زیاتریش بووە و ناوێرن داتا فەرمی و ڕاستەکان بۆ خەڵک بڵاو بکەنەوە. تا ساڵی 2020 ئەو داتایە 7 ملیار و 256 ملیۆن و 283 هەزار و 646 دۆلار قەرزی ناوخۆیی و دەرەکیی بە دەستی وەرگرتووە. جگە لەوەش بە بەهای 8 ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532 دۆلار پابەندی دارایی هەبووە و جێبەجێی نەکردووە و 8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514 دۆلار قەرزاری مووچەی فەرمانبەرەکانی خۆیە و 3 ملیار و 916 ملیۆن و 245 هەزار و 374 دۆلار قەرزای بانکی تی بی ئای و بانکی کوردستانە و بەو پێیەش تا ساڵی 2020 ئەم حکومەتەی هەرێمی کوردستان 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار قەرزار بووە و لە سێ ساڵی ڕابردووش لە بری دانەوەی قەرزەکانی 3 ملیاری دیکەی ناوەتەبانی و ئێستا زیاتر لە 31 ملیار دۆلار قەرزارە.

ئێستا کێ مایەپووچ و موفلیسە؟ بەغدای خاوەن 130 تۆن زێر و 85 ملیار دۆلاری نوستوو یان هەرێمی کوردستانی 31 ملیار دۆلار قەرزار و بێ مووچە؟