ئەدهەم بارزانی: هیچ دەزگا و سەرۆکایەتییەکی هەرێم شەرعییەتی نەماوە

ئەدهەم بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە ئەمریکا کردووە ڕێگری لە دواکەوتنی زیاتری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکات.

ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاندووە کە بە هەموو پێوەرێک هیچ دەزگا و سەرۆکایەتییەک لە هەرێمی کوردستان یاسایی و شەرعی نییە.

دەقی پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

داوا لە ھەموو لایەنەكان و ھاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریكا دەكەم كە ھێزی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان دوانەكەوێت و ھەر دواكەوتنێك تەواوی پرۆسەی دیموكراتی لـە هەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسیەكی زۆر گەورەوەو جدییەوە.

بەھەموو پێوەرەكان ھیچ دەزگایەك و سەرۆكاتیەكی یاسایی و شەرعی لەم وڵاتە نەماوەو ھەموو دەسەڵاتەكان لە دەرەوەی شەرعیەت و بە شێوەیەكی ناشەرعی كار دەكەن و لێرەیە كە نیگەرانی دروست دەبێت، کە لە بەرامبەر بارودۆخەکە كردەوەی ناشەرعی لە دەرەوەی یاسا روبدات.

پێویستە بۆ پاراستنی خوێنی زیاتر لە دوو سەد هەزار شەھید و دەھا ساڵی تێكوشان و خەبات و ڕەنجی ئەم میللەتە بە فێرو نەچێت و ئارامی و ئاسایشی كوردستان و رۆژھەڵاتی ناڤین توشی شڵەژان نەبێت، پێویستە ئەمریكا ڕۆڵی سەرەكی خۆی ببێنێت و نەهێڵێت ھەندێك لایەنی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی بنەمایەكانی پێكەوە ژیان بخاتە مەترسییەوە،

چونكە بارودۆخەكە زۆر ناسك و ھەستیارە.

ئەدھەم بارزانی

٢٢-٥-٢٠٢٤