ئەبوبەکر کاروانی یەکگرتووی ئیسلامی بەرەو کوێ دەبات؟

لێدوانێکی ئەبوبەکر کاروانی ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سەر سەلەفییەکانی هەرێم، دۆخی ناوخۆیی ئەو حیزبەی شڵەژاندووە.

کاروانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە سەلەفییەکانی کوردستان داعشێکی بێ چەکن.

کاردانەوەی سەلەفییەکان لە بەرامبەر لێدوانەکەی ئەبوبەکر کاروانی و داواکەی عەبدوللەتیف سەلەفی وایکرد کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە فەرمی ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە.

لەو ڕوونکردنەوەدا هاتووە کە ئەبوبەکر کاروانی هیچ پۆستێکی لە ناو یەکگرتووی ئیسلامیدا نییە و لێدوانەکانی بە بۆچوونی خۆی هەژمار دەکرێن.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە مامەڵەی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پێشووی نیگەرانە کە پلەی وەزیری و پەرلەمانتارییان هەبووە.

بەدەر لە نیگەرانییە گشتییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەرپرسان و پلەدارانی پێشووی ئەم حیزبە، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بە دیاریکراوی لە ئەبوبەکر کاروانی نیگەرانە کە لە دوو کۆنگرەدا خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کاندید کرد و شکستی هێنا.

لەو دوو کۆنگرەدا کە ئەبوبەکر کاروانی خۆیی کاندید کرد، بانگەشەی چاکسازی و گۆڕانکاری ناوخۆیی دەکرد بۆ سیاسەت و شێوازی کاری حیزبی لە یەکگرووی ئیسلامی و بەوە دەناسرێت کە سەرکردایەتی باڵی ڕیفۆرمی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات.