ئێوە و کەرکوک و قەیس خزعەلی

سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەڕای ئەو هەموو خزمەت و پەیوەندییەی پارتی و بارزانییەکان، ڕایگەیاند کە کەرکوک شارێکی تورکمانییە و بە ئاشکرا نکۆڵیی لە کوردستانیبوونی ئەم شارە کرد.

دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەر یەک بە جۆرێک پێناسەی کەرکوکیان کردووە. یەکێک بە قودسی کوردستان و ئەوی دیکە بە دڵی کوردستان ناوی بردووە بەڵام تا ئێستا بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی نەبێت هیچیان بۆ کەرکوک نەکردووە.

کەرکوک لە ڕۆژانی ڕابردوو بە هەلومەرجێکی مەترسیداردا تێپەڕ بوو. پارتی بۆ وەگرتنەوەی بارەگایەک کە مافی خۆیشی نییە چەندین گەنجی کوردی کەرکوکی کردە قوربانی. مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە کەرکوک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارە هاتە پێشەوە. ئەگەر ئەو شەڕە ڕووی دەدا ئایا پارتی و یەکێتی و بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی لە شارەکەدا شەڕیان دەکرد یان تەنیا وەک هەمیشە پەنایان بۆ دەرکردنی پەیامی بێ ناوەڕۆک و بێ کردار دەبرد؟

جیاواز لەوەی کە پارتی و یەکێتی لە کەرکوک بە تەواوی بێ دەسەڵات کراون و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بە هۆی پەرتەوازەییەوە کورد پێگەیەکی وەهای لە ئیدارەی شارەکەدا نابێت، بەڵام بێ هەڵوێستیی ئەوان لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بووەتە مایەی شەرمەزاری زیاتر لە بەرامبەر کەرکوک و خەڵکەکەی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کەرکوکی بە شارێکی تورکمانی ناو بردووە. نە پارتی و نە یەکێتی و نە بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی بە یەک دێڕ وەڵامی ئەم دەستێوەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیایان نەداوە. تەنانەت ئەردۆغان ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵین بەرپرسی میت لە نزیکەوە لە گەڵ بارزانییەکان تاوتوێی ڕەوشی کەرکوک دەکەن، ئەمە بە واتای هاوبەشی و پیلانی بارزانییەکان و تورکیایە لە کەرکوک.

ئەوانەی کەرکوکیان بە دڵی کوردستان و قودسی کوردستان پێناسە کردووە با ئازایەتی لە قەیس خزعەلییەوە فێر ببن کە تەنیا سەرکردەیەکی عێراقی بوو وەڵامی گاڵتەجاڕییەکانی ئەردۆغانی دایەوە و پێی ڕاگەیاند کە کەرکوک شارێکی عێراقییە و تورکمانەکانیش عێراقین و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق بە هیچ شوێنێک ناگات.

ئەوانەی پشت بە بێگانە دەبەستن داهاتوویان ڕوونە و دەبێت بزانن کە ئەردۆغان پارێزەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیە نەک بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان.