ئیشیان بە هێزە ئەمنیەکان نەماوە و ئاوا پشتگوێ خراون

زیاتر لە دوو مانگە مووچە هێزە ئەمنییەکان نەدراوە و ئەمەش بە هۆی سیاسەت و ئەدای حکومەتی هرێمی کوردستان و نەناردنی لیستی مووچەخۆرانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە بۆ بەغدا و یاری کردنە بە ژیانی ئەوان.

هاوکار گۆمەشینی ڕۆژنامەوان لەمبارەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی: سوپاس بۆخوا کەوا حکومەتی هەرێم کێشەی لەگەڵ بەغدا نیەو بەتەمای شەڕ نینە،وە یەکێتی و پارتیش لەناوخۆ کێشەیان لەگەڵ یەکترنیە،بۆیە هێزە ئەمنیەکان ئاوا پشتگوێ خراون و ئیشیان پێیانن نەماوە.!

ناوبراو وەک ئاماژەیێک بە ئاسایی کردنەوەی پشتگوێ خستنی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان، نووسی: سەرەتا مووچە خۆری مەدەنیان ڕاهێنا بەوەی کە مووچەکانیان دوابەکەوێت و نەیادرێتێ، ئیتر ئەو مۆد و دەستەمۆکردنە گەیشتە هێزی ئەمنی.!

لەمبارەیەوە پێشتریش عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو؛ ژیانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان لە دۆخێکی خراپدایە،٦٣ ڕۆژە بێ موچەن! بیانووی بەغدا گرفتی لیستی موچەکەیە! پێویستە ئەم گرفتە چارە بکرێت.. پێویستە ئەم هێزانەش ئیتر لە ژیانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و تانکەرە نەوتەکان و نادادی بڕوانن..