ئیشتان بە ساڵیادی ژیناوە نەبێت باسی مووچەکەی خۆتان بکەن

ماوەیەکە میدیا کوردییەکان بە تایبەت میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی بارزانییەکان و ئەوانەی بەکرێگیراوی ئەمریکییەکانن، هەڵمەتێکیان بە ناوی ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی دەستپێکردووە و دیسانەوە بە هەواڵ و شرۆڤەی درۆ و ناڕاست دەیانەوێت خۆیان بە ئێرانەوە سەرقاڵ بکەن.

بۆ دڵنیایی میدیا کوردییەکان و کاربەدەستان و ئەوانەش لە پشتەوەی ئەم پرۆژەیەدان، ئێران گەورەتر لەوەیە کە بە ئاژاوەگێڕیی وەک ئەوەی ساڵی ڕابردوو بلەرزێت، ساڵی ڕابردووتان لەبیر ماوە کە چیتان دەکرد؟ باستان لە ڕووخانی ئێران دەکرد و بە شرۆڤە و شیکارییە لاواز و لەرزۆکەکانتان تەنانەت باستان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی و پلان و پرۆژەی بێ بنەمای دیکە دەکرد. بەڵام چی ڕوویدا؟

نەک تەنیا ئێران نەڕووخا، بەڵکوو ئەو ئاژاوەگێڕییە بە تەواوی شکستی هێنا و ئێران بە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق تەواوی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لە هەرێم چەک دەکات و بۆ کەمپەکانی ڕۆژئاوای عێراق دووریان دەخاتەوە، 19 ی ئەیلول بێت یان هەر کاتێکی دیکە ئەمە ڕوو دەدات. کۆمەڵە و دیمۆکرات و پاک و ئەوانی دیکە هیچ کات هێندەی موجاهدینی خەڵق گەورە نین و پشتیوانی نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و فەرەنسایان نییە. چارەنووسی ئەوانتان لە عێراقەوە بۆ ئەلبانیا بینی؟ دڵنیا بن ئەوەش بۆ کوردەکان ڕوو دەدات.

ئێستاش نەک ئەمساڵ، دە ساڵی دیکەش بە ئاژاوەگێڕیی بە ناو شۆڕشی ژینا و هەر پیلانگێڕییەکی دیکە شتێک ڕوو نادات و کوردانی ئێران لەوە تێگەیشتووترن چارەنووسیان وەک هەرێمی کوردستانی لێبێت. دۆخی هەرێمی کوردستان باشترین نموونەیە بۆ کوردانی ئێرانی کە حاشا لە بوونی حکومڕانی وەها بکەن، ئەوان نایانەوێت هەر قەزا و ناحیەیەکی کوردنشین بە دەست گرووپێکی چەکدارییەوە بێت و تەنیا خوێنی ڕۆڵەکانیان بکرێتە قوربانی.

ئەگەر ئێوە ویژدانتان هەیە و خۆتان بە ڕاگەیاندن و چالاکوانی بواری میدیایی دەزانن، با سەیرێکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بکەن. بزانن کامیان خزمەتگوزارییان باشترە، بزانن کامیان ئاوەدانترە، بزانن ئایا تەنیا بۆ چەند ڕۆژێکیش لە ئێران دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە یان نە، بزانن خەڵک لە ئێران ئاسوودەیە یان لە هەرێمی کوردستان کە بۆ کوشتن و ڕفاندن و تاوان بووەتە تێگزاسی ئەمریکا؟ ئێران تەنیا کێشەی گرانیی هەیە کە ئەوەش بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت.

ئێوەی ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان باشترە تەنیا بە مووچەکانتانەوە سەرقاڵ بن. لەو هەرێمەی کە هەواڵێک تەنیا وشەیەکی مووچەی تێدا بێت زۆرترین خوێنەر و بینەری هەیە، چۆن شەرمەزار نابن باسی ئێران و درۆی بە ناوی شۆڕشی ژینا و شتی بێ بنەما دەکەن؟ هەر بە مووچەکانتانەوە سەرقاڵ بن باشترە لەوەی لە دەرکی ماڵە دراوسێ بدەن. ئێوە بە دەست دەیان قەیرانەوە دەناڵێنن، سەرەتا ئەوانە چارەسەر بکەن دواتر باسی ئێران و ئەم و ئەو بکەن.