ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی لە هەرێمی کوردستان

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە مانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە، ئەو لایەنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن، لە بنەڕەتدا بڕوایان بە گۆڕینی دەسەڵات نییە و تەنانەت ژێربەژێر پەیوەندییان لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هەیە.

لەم ماوەیەدا هەوڵێک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزسیۆن بە ئامانجی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەبوو بەڵام هەر لە لایەن ئەوانەوە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، شکستی هێنا.

زۆربەی لایەنە ناڕازییەکان زۆر بە پەرۆش و گەرم نەبوون بۆ درووستکردنی هاوپەیمانی و شارەزایانە پاساو دەهێننەوە بۆ شەرعییەت پێدانی ئەم پەرتەوازەییە.

لە ناو لایەنەکانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان دەستی پەرتکردن زۆر بەهێزترە لە دەستی کۆکردنەوە.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە نێو بەشێک لە لایەنە ناڕازییەکان.

هەندێک لە لایەنە ناڕازییەکان لە ژێرەوە بەرژەوەندییان لە گەڵ لایەنەکانی دەسەڵات هەیە و نایانەوێت واز لەو بەرژەوەندییانە بێنن.

زۆربەی سەرۆک حیزبە ناڕازییەکان شکست و لاوازییان پێباشترە لە نەبوونیان بە سەرۆک لە پرۆژەیەکی گەورەتر و سەرکەوتووتر.

بارودۆخی بەشێک لە سەرۆک حیزبەکان و خێزانەکانیان لەوپەڕی باشیدایە و هەست بە ئێش و ئازار و نەهامەتییەکانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیانیش ناکەن.

لە ناو سەرکردەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا بەرژەوەندی بە سەر ماف و داواکارییەکانی خەڵکدا زاڵە.

ئەو خاڵانەی سەرەوە وایکردووە کە ئامانجەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانیان زۆر گەورە نەبێت و کەمتر لە بەرامبەر خەڵک و مافەکانی ئەوان و داهاتووی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن.