ئومێد خەیاری باس لە کام خزمەت دەکات؟

پارێزگارەکەی پارتی لە هەولێر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمساڵ باشتر لە ساڵانی ڕابردوو خزمەتی خەڵک دەکرێت. پرسیار ئەوەیە کام خزمەت؟ پارتی چ خزمەتێکی بە خەڵکی هەولێر کردووە کە ئێستا بەڵێن و مزگێنی باشتربوونیان پێ دەدات؟

ئەوەی لە هەولێر بەدی دەکرێت کێشە و گرفتی ڕۆژانەیە کە خەڵک دەیبینن و ئەوەش دەزانن کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنیان نییە و تەنانەت لە نێوان گەڕەکە دەوڵەمەند و هەژارنشینی شارەکە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت.

هەولێر بە هاوینا شارە کەم ئاو و تەنانەت بێ ئاوەکەیە و ئەوەی ئاو هەیە بۆ گەڕەکە دەوڵەمەندەکانە و خەڵکی هەژاریش دەبێت یەکسەر پارەی کڕینی ئاو بدەن.

لە وەرزی بەهاریشدا بە بارنی باران هەولێر یەکسەر لافاو دەیبات و حکومەتەکەی پارتیش نە دەتوانێت قەرەبووی زیانەکان بۆ خەڵک بکاتەوە و نە دەتوانێت ڕێگری لە لافاوەکەش بکات. لە ڕاستیدا ئیدارەی شارەکە هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ کێشەی بێ ئاوییەکەی هاوین و لافاوەکەی بەهار و پایز نەبووە.

لە سەر دۆخی گشتی شارەکەش ئەوە دەبینین کە هەولێر بووەتە لانکەی لەشفرۆشە عەرەب و بیانییەکان و خەڵکی شاری قەڵا و منارە بە دەست ئەم دیاردەوە کە بەرپرسانی پارتیی لە پشتەوەیە دەناڵێنن. لە ڕاستیدا بەرپرسانی پارتی بۆ داهاتی زیاتری هوتێل و شوێنە گەشتیارییەکانیان ئەو لەشفرۆشانەیان خزاندووەتە هەولێر و ناوبانگی شارەکەیان لەکەدار کردووە.

هەرچی ئەم لاولا دەکەین نازانین کام خزمەتە کە پارتی و پارێزگارەکەی بە خەڵکی هەولێریان کردووە. بەس ئەوەمان لەبیر دێت کە کاتی پەرلەمانتاری ئومێد خۆشناو چەند عەلاگە خەیارێکی بە سەر ماڵاندا دابەش کرد و ڕەسمەکانیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەسکەوتێکی خۆی و حیزبەکەی بڵاو کردەوە. ڕەنگە ئەمجارە لە بری خەیار، تەماتە دابەش بکات.