ئایا گۆڕان وەک لایەنێکی سیاسی بوونی ماوە؟
لەم بێسەروبەرەییەی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو شکستی گەورە و مێژوویی لێ بینراوە. ساڵی 2021 لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە هیچ کورسییەکی بە دەست نەهێنا و ساڵی 2024 لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی کوردستان کە تەنیا یەک کورسیی لە سلێمانی بە دەست هێنا.
حیزبێکی سیاسی ئەمە حاڵی بێت، خۆی بە حیزب ناو دەبات؟ ئایا لە ڕووی هەڵدێت کە باسی بەشداری یان بایکۆتی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکات؟
شاندی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لە گەڵ دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتی ئەم بزوتنەوەیە کۆبوونەوە. بەرپرسانی گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا ناکەن.
دوو پرسیار لێرەدا زۆر گرنگە:
گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کە چەندین وەزارەتی گرنگی وەک دارایی و ئاوەدانکردنەوەی هەبووە، چی بۆ خەڵک کردووە کە ئێستا بە تاکە کورسییەکەوە بیەوێت بەشداری یان بایکۆتی کابینەی دەیەم بکات؟
پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانا ئەحمەد مەجید بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانی گۆڕانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەرکرد، بەڵام هیچ وەزیرێک خۆیی نەکردەوە خاوەنی گۆڕان و وازیان لە پارە و پۆستەکەیان نەهێنا.
کە واتە بزوتنەوەی گۆڕان هیچی لێ نەماوەتەوە و سەردانیکردنی لە لایەن پارتی و یەکێتی، تەنیا کات بە فیڕۆدان و گاڵتەکردنە.