ئایا پارتی و یەکێتی وەڵامی دەنگدەران دەدەنەوە؟

پارتی و یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕانن. پارتی دەڵێت لە نەینەوا یەکەمین و یەکێتیش لە کەرکوک هەمان بانگەشە دەکات.

ئەگەر بە ئەنجامە ڕاگەێندراوەکەی پارتی و یەکێتی بێت، کورد زۆرینەش نەبێت بەڵام دەنگی زیاتری بەرامبەر بە عەرەب و تورکمان بە تایبەت لە کەرکوک بە دەست هێناوە.

ئەمجارەش دەنگدەری کورد لە ژێر بانگەشەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و ئازادکردنەوەی خاک و ئەم و ئەو، هەلێکی دیکەی بەخشییە پارتی و یەکێتی. پرسیار ئەوەیە کە ئایا دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە دەتوانن وەڵامی ئەو هەست و نیازپاکییەکەی دەنگدەری کورد بدەنەوە؟

پارتی و یەکێتی بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە لە هەرێمی کوردستان و لە کەرکوک پشتیان لە خەڵک کردووە، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، لە ڕووی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵییەوە و دەیان کێشەی دیکە ئەوان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە وەڵامی خەڵک بدەنەوە.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە، ئەمجارەش پارتی و یەکێتی بە دەنگی کوردی بەستەزمان لە شارە جێناکۆکەکان بە تایبەت کەرکوک هەستانەوە. ڕەنگە ئەمە کۆتا دەرفەتی ئەوان بێت بۆ وەڵامدانەوەی خەڵک، ئەگەر لەمەشدا شکست بێنن ڕەنگە خولێکی دیکە نەبێت و ئەوان لە سەر کورسی دەسەڵات نەبن کە بیر لە خزمەتگەیاندن بە خەڵک بکەنەوە.