ئایا پارتی نوێنەری خەڵکی کوردستانە؟

لەم ڕۆژانەدا کە ئەوەی مرۆڤی بەویژدان هەیە پشتیوانی خۆی بۆ گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ئیسرائیل دەردەبڕێت، بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هەر شێوەیەک هەڵوێستیان دژی موسڵمانان و بۆ بەرگرییە لە قەوارەی جولەکە.

بەرپرسانی پارتی یان بارزانییەکان کە بۆ بچووکترین ڕووداوێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیامی هاوخەمی ئاراستەی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە دەکەن، لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییە لە غەززە و فەڵەستین دەکرێت، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و نایانەوێت لێدوانێک بدەن کە پێچەوانەی خواستی ئەمریکییەکان بێت. ئەوان لەبیریان کردووە کە سەرکردە عێراقییەکان و حکومەتی ئەم وڵاتە ئەم بێ هەڵوێستییەی پارتی و بارزانییەکان وەک دژایەتیکردنی خۆیان لەم شەڕەدا دەزانن.

پارتی دواتر بە سەرۆ قادر ی ڕیسواکراوەوە دەستیپێکرد. کاتێک بۆ بەرگری لە قەوارەی جولەکە سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماسی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم بزوتنەوەیە وەک داعشە. سەرۆ هەر زوو لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەمکوت کرا.

لە هەنگاوی دووەمدا پارتی و بارزانییەکان میدیا تاڵانچییەکانی خۆیان خستە خزمەت سیاسەتەکانی ئەمریکا و قەوارەی جولەکەوە. ئەوەیە کە دەبینین کەناڵی رووداوی جەنابی نێچیرڤان بارزانی چۆن بووەتە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل و تەنانەت فەڵەستینییەکان بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی تۆمەتبار دەکات.

پارتی دواتر بە ڕێگری لە مامۆستایانی ئائینی دوژمنایەتییەکەی لە گەڵ فەڵەستین و موسڵمانان بردە قۆناغێکی نوێ و هەڕەشەی ئەوەیکرد کە هیچ مامۆستایەکی ئائینی لە وتاری هەینیدا بۆی نییە باسی غەززە و فەڵەستین بکات و دژی ئیسرائیل و ئەمریکا شتێک بڵێت. لەم هەڕەشەیەدا تەنیا چەند مامۆستایەکی بەکرێگیراو گوێڕایەڵی پارتی بوون و لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە کۆی وتاری هەینی و هەروەها وتار و چالاکی مامۆستایانی ئائینی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین و دانیشتووانی غەززە بووە.

پارتی بەمەشەوە نەوەستا و پشتیوان سادق کە وەزیری ئەوقافی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە، ڕایگەیاندووە حەماس نوێنەرایەتی خەڵکی فەڵەستین ناکات. هەروەها هێزەکانی ئاسایشی پارتی لە شاری هەولێر ڕێگرییان لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ پشتیوانی لە دانیشتووانی غەززە کرد.

پرسیارێک لەم وەزیرە بکەین. ئایا پارتی کە دەستی بە سەر تەواوی کوردستاندا گرتووە، نوێنەری خەڵکی کوردستانە؟ با هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد بەڕێوە بچێت و بزانین لە سەدا چەند خەڵکی کوردستان دەنگ بە پارتی دەدەن؟ بە دڵنیاییەوە کە مووچەخۆرە بندیوارەکان و ئەوانەی نەبێت کە بەرژەوەندییان لە گەڵ پارتیدایە، لە سەدا 5 ی خەڵک دەنگ بە پارتی نادەن.

بەم هەموو ناڕەزایەتی و دژایەتییەی خەڵکەوە بۆ پارتی و بنەماڵەی دەسەڵاتدار، بەرپرسانی ئەم حیزبە خۆیان بە خاوەنی کوردستان دەزانن. پارتی کە هیچی بۆ خەڵک و کوردستانیش نەکردووە. حەماس ساڵەهایە لە سەنگەری بەرگرییە لە خەڵکی فەڵەستین و ئەوانیش بە شانازییەوە بە نوێنەری خۆیانی دەزانن.