ئایا مەسرور بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران؟
پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە 33 ساڵی ڕابردوودا بە تەزویر و دەنگی ساختە و فرت و فێڵ و پشتیوانی دەرەکی، خۆیی کردووەتە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم هەڵبژاردنانەش کە دەزانێت دەنگەکانی کەم دەکات هەر لە ئێستاوە خەریکی سیناریۆ داتاشینە و هێنانی سوپای تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان یەک لەو مەبەستانەیە.
لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پشت بەستن بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دەستنیشانکردنی پارێزگاری نوێ و هەروەها لە دۆسیەی نەهێشتنی کورسی کۆتاکان لە ژێر دەستی پارتیدا، دەیەوێت بچێتە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە و هەر لە ئێستاشەوە شەڕی وەرگرتنەوەی هەولێر و تەنانەت سەرۆکی حکومەت دەکات.
ئەگەرچی یەکێتی ناتوانێت دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بە دەست بێنێت بەڵام پارتیش بە بێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێک بێنێت. هەر بۆیە یەکێتی ویستی گەیاندنی ئەو پەیامەی هەیە کە دانانەوەی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت هێڵی سوورە و قەد نابێت ئەوە ڕوو بدات.
ئەمە پەیامەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و مەسعود بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش هێڵی سووریان لە سەر مەسرور بارزانی هەیە و هەر دەبێت ئەو سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووش بکات. هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەم دوو شەڕەنگێزییەدا بە کوێ دەگات، خودا دەیزانێت.