ئایا بارزانییەکان گوێیان لە هاوار و بێزاریی خەڵکە؟

ئەگەر دادگایەکی دادپەروەر هەبێت، نەک ئەو دادگایانەی لە هەولێر و دهۆک بوونەتە دارەدەستی بارزانییەکان بۆ سزادانی ئەم و ئەو، دەبوایە بنەماڵەی بارزانی و کاربەدەستانی ئەو بنەماڵەیە لە حکومەتی هەرێم بە چەندین تۆمەتی گەورە و ئاشکرا سزا بدرێن.

تۆمەتە ئاشکراکانی وەک خەراپی حکومڕانی، داخرانی پەرلەمان، بێبەهاکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەرتەسکبوونی ئازادی ڕادەربڕین و دیمۆکراسی و هەروەها خەراپی ڕەوشی ژیانی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.

سەیری هەر کوێی ئەم هەرێمی کوردستانە دەکەیت بە دەست حکومڕانییە فەشەل هێناوەکەی بارزانییەکانەوە تەنگ و تاریکە، هیچ تروسکە هیوایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر بەدی ناکرێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخەکە خەراپتر دەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بە تایبەت هیوایان بە داهاتوو ناخۆشتر و بەرتەنگتر دەبێت.

ئایا بارزانییەکان لە مانای حکومەت و حکومەتداری تێدەگەن؟ چۆن دەبێت حکومەتێک پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەبێت؟ چۆن دەبێت حکومەتێک هێزی سەربازیی نەبێت؟ ئەوەی هەیە هێزی سەربازی و ئەمنی حیزبی و کەسییە. چۆن دەبێت حکومەتێک میدیایەکی نیشتمانیی نەبێت. ئەوەیە کە میدیاکانی مەسرور بارزانی تەنیا ڕووماڵی چالاکییەکانی ئەو دەکەن، میدیاکانی قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانیش بە هەمان شێوە.

حکومەتێک کە دەرگای پەرلەمانەکەی داخرابێت، شەرعییەتی بۆ نەماوەتەوە. ئەی بۆ ئەم حکومەتە وەها بەربووەتە گیانی خەڵک و بە هەر بیانوویەک ئەوان ڕەوانەی زیندانەکان دەکات؟

حکومەتێک بەم حاڵەوە چۆن دەبێت لە ستەمکاری و سزادانی خەڵک و بە تایبەت چالاکوانان و ئازادیخوازان بەردەوام بێت؟ ئەوەی کە لە دۆسیەی گوهدار زێباری وەک یەکێک لە سزادراوەکانی دۆسیەی گیراوانی بادیناندا بینراوە، بەردەوامبوونی ئەم ستەمکارییە و تاڵبوونی ژیانی خەڵکە بە دەست حکومڕانی بارزاییەکانەوە.

دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی دەبینرێت، ڕاستییەکی ئاشکرا کردووە کە ئەم حکومڕانییە ناتوانێت بەردەوام بێت، بارزانییەکان ناتوانن لە سەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بن.

بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانی هاوبەش و شەریکەکەی پارتی و ئەوانەی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکەوە، لە بەر بێدەنگی و بێ هەڵوێستییان لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی پارتی و بارزانییەکانەوە، لای خەڵک بە هاوبەش و تاوانبار دەناسرێن. تەواوی لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم بارودۆخە بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە ئەستۆ.