ئاگرە ناوخۆییەکەی پارتی لە کەرکوک

شکستەکەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک زۆرترین کاریگەریی لە سەر ڕەوشی ناوخۆی ئەو حیزبە داناوە و شەڕێکی گەورەی دروستکردووە.

زۆربەی بەرپرسانی پارتی بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەم شکستەوە هاواریان لێهەستاوە و دژ بە یەک قسە دەکەن. عەبەی کوێخا موبارەک کە پارتی بۆ دژایەتی یەکێتی لە چەمچەماڵ پڕچەک و هێزی کردووە، ئێستا دژ بە سەرکردایەتی پارتی و ئەو حیزبە قسە دەکات و دەڵێت لێتان بێمنەتم و مەمنونی ئەوە نیم هاتوومەتە حیزبەکەتان.

لە پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان بەرپرس و ئەندامانی پارتی دروست بووە. چەند کادیرێکی ئەو حیزبە پێشتر وازیان هێنا و لە پارتی جیا بوونەوە. بەشێکی لەوانەش لە ناو پارتیدا ماونەتەوە دەڵێن یارییان پێکراوە. لقی سێی پارتی لە کەرکوک بەوە تۆمەتبار کراوە کە دەنگی کاندیدەکانی گۆڕیوە و بە حەزی خۆی و وەک خێر بە سەر ئەم کاندید و ئەو کاندیددا دابەشی کردووە.

کاریگەری شکستەکەی پارتی لە کەرکوکدا هەر ئەمە نییە و عەبدوڵا کوێخا موبارەک. ئەو کە لە بانگەشەی لیستەکەی پارتی بەردەوام لە گەڵ کەمال ناکەرکوکیدا دەردەکەوت و بانگەشەی بۆ پارتی دەکرد، پەیامێکی بۆ ئەندام و بەرپرس و سەرکردایەتی پارتی نارد و ئەوەی پێویست بووە بەوانی وتووە، سەرباری ئەوەی کە دانی بە شکستەکەی پارتی لە کەرکوکدا ناوە.

پارتییەکان داوا دەکەن حیزبەکەیان ئەندامی نوێ وەرنەگرێت و لە بری ئەوە کادیرە کۆن و تۆراوەکان ئاشت بکاتەوە.

شکستەکەی پارتی وایکردووە کە لێژنەی لێکۆڵینەوە درووست بکرێت و ئەوانەی ڕۆڵیان لەو شکستەدا هەبووە ناویان بۆ بڕیاری پێویست دەدرێتە مەسعود بارزانی.