ئاگادار بە؛ لەو ئاستەدا نیت دژایەتی ئێران بکەیت
مەسرور بارزانی سەرۆکە شکستخواردووەکەی حکومەتە کارتۆنییەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان بێ وەڵام نابن. بەڵام بە چی و چۆن وەڵامی زلهێزێکی وەک ئێران دەداتەوە، مەگەر خۆی و بنەماڵەکەی بزانن کە ئەگەر ئێران نەدەبوو ئێستا داعش دەسەڵاتداری هەولێر دەبوو.
میدیاکانی پارتی و بارزانییەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە مەسرور مەسعود لە داڤۆس کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.
تۆ بە چی خۆت شانازی دەکەیت کە هێندە پەنا بۆ قسە و لێدوانی لە خۆت گەورەتر دەبەیت؟ ڕەنگە بەوە بنازیت کە لە داڤۆسی سویسرا لە گەڵ چەند کەسێک ئەویش بە لۆبی و پارە تەخشان و پەخشانکردن کۆبوونەوەت هەبووە. ڕەنگە پاش کۆبوونەوەکەت لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکی فشەی وەهات کردبێت کە وەڵامی ئێران بدەیتەوە.
تۆ سەرۆکی حکومەتێکی کە هێشتا زیاتر لە نیوەی بە خۆت و بنەماڵە و حکومەتەکەتەوە قبووڵتان ناکەن، گەر دەسەڵاتت هەیە وەرە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک بگۆڕە، گەر دەسەڵاتت هەبوو ئەوە بۆ چەندین مانگە دەرگای خوێندنگەیەکت لە سلێمانی بە زەبری زۆر وەک هەولێر دەکردەوە.
تۆ سەرۆکی حکومەتێکیت کە هیچی بە سەر هیچەوە نییە. نە مووچە هەیە، نە ئاو هەیە، نە کارەبا هەیە، نە خزمەتگوزاری هەیە، پێم ناڵێیت خەڵک بە چی تۆ دڵخۆشە کە پشتگیریت بکەن بۆ دژایەتیکردنی ئێران.
ئەوەمان لە هەولێر بەو هەموو حەشیمەتەوە بینی کە خەڵک چۆن داواکەی پارتی و حکومەتەکەتیان بۆ خۆپێشاندان ڕەتکردەوە و ژمارەیەکی زۆر کەم لە ئەندامانی لق و ناوچەکانی پارتی لە شارەکانی دیکەوە هێنرابوونە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر ئەمە هێزەکەتە هەڕەشە لە ئێران دەکەیت؟
واز لەم سەرەڕۆییەت بێنە کە سەرت دەخوات. تۆ و حیزبەکەت و بنەماڵەکەت لەو ئاستەدا نین دوژمنایەتی ئێرانێک بە مێژووی چەند هەزار ساڵەوە بکەن. سەیری چواردەوری خۆت بکە ئێران چۆن ناوچەکەی لە ئەمریکییەکان تاڵ کردووە. ئەمریکییەکان ڕۆژێک دەگات وەک ئەفغانستان هەرێمەکەی تۆش بە جێ دێڵن و ئەو کات پێویستی بە ئێران نییە و هەر خەڵکەکەی خۆت کۆتایی بە دەسەڵاتە لەرزۆکەکەت دێنن، با پێت بڵێم کەرەجیش نییە، ئەی بۆ کوێ دەڕۆن؟