ئاگاتان لە ڕەوشی هەولێرە؟؟

ئاشکرابوونی فەزاحەتەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە هەولێری پایتەخت و پێدان و تەرخانکردنی زەوییە گرانبەهاکانی ئەم شارە بە خەڵکانی نامۆ و سیاسی و هونەرمەند و فیگەرە دیارەکان، جارێکی دیکە سرنجی خەڵکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەم شارەدا ڕوو دەدات. بەدواداچوونەکانیش ئاشکرایان کردووە کە لە ماوەی ساڵێکدا بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بە دیاری دراون بە سەرکردە سوننەکانی عێراق، پەرلەمانتاران و هونەرمەندانی فارس و ئێرانی.

زەوییە گرانبەهاکانی هەولێر لە سەردەمی کابینەی حەوتەم و هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەر داوای گەورە بەرپرسێکی ئەو کاتەی حکومەت و بە مەبەستی ڕاکێشانی کەسایەتییە دیارەکان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان دراون کە بەهای هەر پارچە زەوییەک لەوانە دەیان ملیۆن دۆلارە.

بۆ نموونە، لە سەر ڕێگای بەحرەکە لە سەر زەوی ژمارە 7/137 ی گردی جوتیار لە بەرواری 8 ی نیسان ی 2017 زیاتر لە 11299 مەتر زەوی گرانبەها بە ناوی درووستکردنی هوتێل دیلان دراوە بە هونەرمەندی گۆرانیبێژ جەمشید خەیری موقەدەم کە دواتر زەوییەکەی گۆڕیوە بۆ نیشتەجێبوون و بەمەش بەهای پرۆژەکەی لە سەدا سێ سەد و پەنجا زیاد بووە.

پێشتر و لە ئازاری ساڵی 2015 لە سەر داوای نووسینگەی سەرۆکی ئەو کاتەی حکومەت، لە سەر زەوی 167/6 لە نزیک پرۆژەی 32 پارک و لە ناو جەرگەی پایتەختدا 12 دۆنم زەوی درا بە بازرگانێک بە ناوی نزار بۆ درووستکردنی 42 ڤێلای هەزار مەتری، بەڵام دواتر بازرگانە عەرەبەکە لە بری پرۆژە، تەواوی زەوییەکەی بە مەتر فرۆشت و بایی 242 ملیۆن دۆلار بووە.

پێدان و بەخشینی زەوی گرانبەها و خەیاڵی بە شێوەی هەوایی و بێ پێشینەی کاری بازرگانی بە ناوی گەشتیاری و وەرزشی لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا زۆر بوون کە دواتر خاوەنەکانیان ڕەگەزەکەی دەگۆڕن بۆ نیشتەجێبوون بە پێی ئەوەی کە یەکەی نیشتەجێبوون و شووقە پارەی زیاتر دەکەن.

بە پێی وتەی ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان (عەلی حەمەساڵح) و لە نوێترین بەدواداچوونیدا سەرکردەیەکی سوننەی عێراقی بە ناوی مەشعان جبوری زەوییەی گرانبەهای 50 هەزار مەتریی لە سەر ڕێگای بەحرەکە پێدراوە کە لە ئێستادا دکتۆرە حەنینی کچی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونە کە پێکهاتووە لە چوار باڵەخانەی 32 نهۆمی. عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاندووە کە بەهای ئەو زەوییە 15 ملیۆن دۆلارە.

پێشتریش لە ساڵی 2018 و لە سەر زەوییەکانی ژمارە 175 تا زەوی ژمارە 224 لە کەرتی هەشتی بێرکۆت و پیرزین 135 دۆنمی گرانبەها بە ناوی پرۆکەی خەیاڵی درابوون بە کەسێکی دیکە کە دواتر نە زەوییەکەی کردە پرۆژە و نە زەوییەکەی ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردەوە.

ئەوەی ڕوونە کە پێدانی زەوییە نایاب و گرانبەهانی پایتەخت، بە کەسانی سیاسی و هونەرمەندی بیانی، ئامانجەکەی خزمەتکردنی حیزب و کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەوانە و هەولێر و ناوچەکانی دیکە هێشتا لە خەمی دابینکردنی کارەبا و داواکارییەکی کۆنی خۆیاندان.