ئاوکڕین لە هەولێر سەریهەڵداوەتەوە
هەولێر کە بە پایتەختی حکومەتی هەرێم و ناوەندی دەسەڵاتی بارزانییەکان ناو دەبرێت، بە دەیان قەیرانی جۆربەجۆرەوە دەناڵێنێت. ئەم شارە لە پایز و بەهاردا تووشی لافاوە کوشندەکە دەبێت و لە هاویندا کەمئاوی بەرۆکی دەگرێتەوە، حکومەتیش هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ ئەم کێشە و قەیرانانە نەبووە.
کێشەی کەمئاوی بووەتە مەترسییەکی زۆر جیدی لە سەر هەولێر و لە توانای حکومەت و پارێزگا دەرچووە. بە پیی ئامارەکان ڕۆژانە سەدان پەیوەندی تەلەفوونی لە بارەی کێشەی کەمئاوییە بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەکرێت.
سکاڵا و ناڕەزایەتی دانیشتووانی شاری هەولێر لە بەرپرسان و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی زیادیکردووە و ئەوان دەڵێن چەندین ساڵە کێشەی کەمئاوی هەیە و بەرپرسان تەنیا ساڵ دەدەنە دەستی ساڵ و هیچ لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکدا نین.
ساڵانە لە گەڵ هاتنی وەرزی گەرما بە هۆی خەراپ دابەشکردن و ئیدارەدانی ئاوەوە کێشەی کەمئاوی لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر سەرهەڵدەدات، وەک چۆن کە لە وەرزی بەهار و پایزدا کێشەی دروستبوونی لافاویان هەیە.
لە کاتێکدا کە قەیرانی دارایی و نەبوونی موچە لە هەرێمی کوردستان تەشەنەی سەندووە، دانیشتووانی گەڕەکە جیاجیاکانی هەولێر ڕایانگەیاندووە کە هەر لە ئێستاوە بە ناچار دەستیان داوەتە کڕینی ئاو و پارەیەکی زۆر ڕۆژانە لەم پێناوەدا خەرج دەکەن.
ئەوان پرسیار دەکەن حکومەتێک نەتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکەکەی دابین بکات، ئایا ناوی حکومەتە؟ ئایا ئەمە دیمەنی شار و پایتەختێکە کە سەردەمێک بانگەشە بوون بە دوبەی یان بۆ دەکرد؟