ئامۆزاکەی مەسعود بارزانی: هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە
ئەیوب بارزانی کە ئامۆزای مەسعود بارزانی و کەسایەتی دیاری بارزانییەکانە و لە دەرەوەی وڵات دادەنیشێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە ئەم ئەزموونە هەر لە سەرەتاوە بە هەڵە هاتووە، وەک بابەتی پەنجا پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردنەکان، دوو هێزی ئەمنی و دوو ئیدارەیی، دوو سەرکردەی سیاسی بە ناوی بارزانی و تاڵەبانی کە لە گەڵ ئەو پەندەدا یەک دەگرێتەوە کە دوو سەر لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێت، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانەوەیەکی هێواشدا تێپەڕ دەبێت.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێهیوان لە چاکسازی سەرکردەکانی کورد و گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی کە سەرکردایەتی سیاسی کورد وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوە دەبەن، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی کە ئەمانە ناگۆڕێن، بۆیە وردە وردە سارد بوونەوە.
ئەیوب بارزانی وتی: ئازادی سنوردار کراوە و مەودای ئازادی بەرتەسک کراوە و بە گوتار باس لە ئازادی دەکرێت بەڵام بە کردەوە وا نییە.
وتیشی کە تەنیا چارەسەر بۆ باشتربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان شۆڕشی مەدەنییە و دەبێت شۆڕشێکی گەورە بکرێت بە پرۆژەیەکی باشەوە، شەقام بجوڵێت بە تایبەت لە هەولێر و ئەم چەقبەستووییە نەمێنێت.