ئامارێکی مەترسیدار لەسەر داگیرکارییەکانی تورکیا

پەرلەمانتارانی عێراق سەبارەت بە هێرش و پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و داگیركردنی خاكی عێراق بەردەوام زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو داواش لەحکومەتی عێراق دەکەن هەڵوێستی جددی هەبێت لەسەر پێشێلکاری و داگیرکارییەکان.

محەمەد ڕومێسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا توركیا 25 هەزار پێشێلكاریی لەناو خاکی عێراق ئەنجامداوەو لەئێستاشدا زیاتر لە چوار هەزار و 200 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق لە ژێر داگیركاریی توركیادایە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، داگیركارییەکانی توركیا ئەوەیە كە ئەو وڵاتە بنكەی سەربازیی جێگیری دامەزراندووە، بەداخەوە ئەو بنكە جێگیركراوانە ئاماژەن بۆ نییەتێكی درێژخایەن و مانەوەی تورکیا لەناو خاکی عێراق.

هاوکات،ئەحمەد موسەوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە، سوپای توركیا بە قوڵایی 185 كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوە و لە ئێستادا 28 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورن.

دەشڵێت: ڕێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان عێراق و توركیا باسی كشانەوەی سوپای ئەووڵاتەی لە عێراق تێدا نییە، لە جێگەی ئەو بڕگەیە تێیدا جەخت لە پاراستنی سەروەری خاكی هەردوو وڵات كراوەتەوە، ئەوەش قبوڵنەكراوە.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی هێزەكانی سوپای توركیا لە هەرێم لە ژمارەی سەربازانی ئەمریكی لە عێراق زیاترە و پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا بە ئاشكرا بووەتە داگیركردنی خاكی عێراق.

لە كۆتایدا وتی: بەپێی زانیارییەکان لەئێستادا توركیا زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و 80 بنكەی سەربازیی و ژمارەیەك بنكەی هەواڵگریی لە خاكی هەرێمی كوردستان جێگیركردووە.