ئاشکرابوونی گەندەڵییەکی مەسرور بارزانی

گەندەڵییەکانی بنەماڵەی بارزانی لە ئەمریکاوە ئاشکرا دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەریمی کوردستان خەڵک لە ژیانێکی زۆر قورسدان و مووچەخۆران چەندین مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە.

دەرمانخانەیەک بووەتە سەرەداو بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و لە ژێر ناوی وەهمیدا موڵک و سامان شاردراوەتەوە.

ڕۆژنامەی ئەمریکەن پرۆسپێکت گەندەڵییەکی گەورەی بنەماڵەی بارزانی ئاشکرا کردووە و باس لەو ناوە وەهمییانە دەکات کە بارزانییەکان بەکاری دەهێنن بۆ کڕینی موڵک و کۆشک لە وڵاتانی دەرەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەرمانخانەیەک هەیە بە دوورییەکی کەمەوە لە دەریا لە ناو جەرگەی ساوزبیچ لە میامی کە لە دەرمانخانەکانی دیکە ناچێت.

ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە کاتێک گەشتیاران کرێمی دژەخۆر و پێداویستییەکانیان لە دەرمانخانەی سی ڤی ئێس لە شەقامی واشنتن دەکڕن پارەکانیان بۆ پیاوێکی گەندەڵ دەڕوات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە مەبەست لەو کەسە گەندەڵە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە.

ئاشکراشیکردووە کە ئەو باڵاخانەیە دەرمانخانەکەی تێدایە، بەهاکەی 18 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، باڵاخانەکە لە سەر ناوی کۆمپانیایەکی وەهمی بە ناوی دیلاوێر کڕدراوە کە لە تۆماری دامەزراندنی ناوی کۆمپانیاکەدا ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی بیناکە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە شاردراوەتەوە.

ئەو ڕۆژنامە ڕایگەیاندووە کە بارزانییەکان بە هۆی نەوت و گەندەڵییەوە سەروەت و سامانێکی زۆریان کۆکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بارزانییەکان هاوشێوەی ستەمکارانی تر هانایان بۆ پەناگە نهێنییەکان بردووە، بۆ نموونە ئەو شوێنانە کە لە بەڵگەنامەکانی پەنەما و پاندۆرا بۆ شاردنەوەی پارە ناویان هێندراوە.