ئازادییەکەی مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس 2023 کە لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەچوو، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە کوردستان ئازادی ڕادەربڕین هەیە.

ئازادییەکەی مەسرور بارزانی و پارتەکەی لە کاتێکدایە کە هەر کەسێک بە هۆی ڕەخنەیەکەوە کونجی زیندان شوێنیەتی و یان دەبێت لە هەولێر و دهۆک دەربکرێت و سووکایەتی بە خۆی و بنەماڵەکەی بکرێت.

ئەو ئازادییەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بانگەشەی دەکات لە کوشتنی زەردەشت عوسماندا وێنا دەکرێت، گەنجێک کە بە هۆی ڕەخنەیەکەوە لە بنەماڵەی بارزانی تیرۆر کرا.

وەدات حسێن، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و دەیانی دیکە کە لە هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبوونی ئازادی ڕادەربڕینەوە کوژران.

دۆسیەی گیراوانی بادینان نموونەیەکی دیکەی نەبوونی ئازادی ڕادەربڕینە لە هەرێمی کوردستان.

گرتنی شێروان شێروانی و سزادانی بە چ پاساوێک لە لایەن جێگری سەرۆکی پارتییەوە کراوە؟ سزادانی گونهدار زێباری بە بیانووی تاپڕەکەی باپیریەوە چ واتایەکی هەیە؟

ئازادییەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەنیا بۆ میدیاکانی خۆی و ئەوانەیە مووچەخۆرین، بەڵێ، ئەوان ئازادن دژ بە هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان بابەت و هەواڵ و درۆ و بوختان بڵاو بکەنەوە و کەس لێپرسینەوەیان لە گەڵدا ناکات.

بەڵام ئەگەر گەنجێکی خێر لە هەرێم نەدیو کۆمێنتێک لە سەر حکومەتە کەمتەرخەمەکەی مەسرور بارزانی بنووسێت لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارتییەوە دەستگیر و ڕەوانەی زیندان دەکرێت.

ئەگەر ئەمە ئازادییە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و مەسرور بارزانی بانگەشەی بۆ دەکات، سەد ڕەحمەت لە کۆریای باکور و ئازادییەکەی کاکە کیم.