ئاری هەرسین هەوڵی درۆزنبوون دەدات

لەم ماوەیەدا چەندین بەرپرسی پارتی لە حیزب و حکومەت بە درۆکانیان بوونە مایەی گاڵتەجاڕیی خەڵک و بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوبەڕوی زۆرترین قسە و هێرشی توند بوونەوە.

کەسانی وەک ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و دیندار زێباری کە ڕایانگەیاندبوو کەس لە سەر بیر و بۆچوونی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دەستگیر و زیندانی نەکراوە. یان هێمەن هەورامی جێگری سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕایگەیاندبوو لە پارتیدا باڵباڵێتی بوونی نییە.

بەڵام ئاری هەرسین کەسێکی جیاوازە و نابێت لە گەڵ ئەوانەدا بەراورد بکرێت. ئاری هەرسین جار جار قسەی حەقیش دەکات و دان بە هەڵەی سیاسەتەکانی پارتیدا دەنێت بەڵام هەندێک کاتیش هەوڵ دەدات خۆی بخاتە ڕیزی درۆزنەکانەوە.

ئاری هەرسین لە وتارێکدا وەک وەڵامی شیکارییەکەی ڕێبوار فەتاح کە لە سەر وتارەکەی بافڵ تاڵەبانی لە بەریتانیا بووە، ڕایگەیاندووە کە ” لە ناو پارتیدا دەستی ڕاست و چەپ بوونی نییە بەڵام ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە. ئەگەر دەستی ڕاست و چەپیش بوونی هەبێت یەک مێشک و عەقڵ تەوجیهیان دەکات کە ئەویش سەرۆکی پارتییە. بەرەڵایی و فەوزا لە ناو پارتیدا بوونی نییە “.

جەنابی ئاری هەرسین لەم ماوەیەدا بە هۆی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتییەوە وازی لەم حیزبە هێنا و بە پاساوی ئەوەی مەسعود بارزانی دەست لە کار کێشانەوەکەی ڕەتکردووەتەوە، گەڕایەوە. ئەو نابێت حاشا لە ڕاستییەکان بکات و بڵێت کە لە پارتیدا دەستی ڕاست و چەپ بوونی نییە، بە پێچەوانەوە کە یەکێک لە دەستەکانی پارتی ئەوی دیکە وا لاواز و بێ کاریگەر کردووە کە تەنانەت خۆیشی دەزانێت و پێویستی بەم نکۆڵییەی ئاری هەرسین ناکات.